با زیاتر لەمە ڕووڕەشی مێژوو نەبن: سیناریۆی نەوەدەکان دووبارە دەبێتەوە؟!

با زیاتر لەمە ڕووڕەشی مێژوو نەبن: سیناریۆی نەوەدەکان دووبارە دەبێتەوە؟!

 

ARK


بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی بەدەست ماڵپەری پێشمەرگەکان گەیشتووە، نیوەڕۆی سێشەممە 12ی  رەشەممە زیاتر لە 200 کەس لە هێزەکانی ئاسایشی کۆیە هێرشیان کردۆتە سەر بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پەلاماری ژنان و منداڵانی نێو بنەکانی حیزبیان داوە بە بیانووی ئەوەی کوڕێکی دێمۆکراتەکان چوەتە داخوازیی کچێکی خەڵکی شاری کۆیە و پێیان نەداون.

هەر دواتریش چوون بۆ سکرتارییەتی "حدکا" داوای لێخۆشبوون بکەن و گوایە مستەفا هیجری ئیجازەی نەداون. کە ئەمەشیان لە سێناریۆیەکی تازە دەچێت.

لەبیرتانە ئەو کاتەی بە ڕێز و حورمەتەوە هاتن بەدوای "مستەفا هیجری" و سەرکردایەتی دێمۆکراتدا و باستان لەوە کرد کە ئەگەر دەستبەرداری شەڕی چەکداری بن و چالاکی سیاسی بکەن، ئەم پارچەیەی کوردستان ئارامی بەخۆیەوە دەبینێ و بە بیانووی شەڕ لەگەڵ ئێوە دەست لە کاروباری ئێمە وەرنادەن؟ بەڵام وایش دەرنەچوو!

دواتر و تا ئێستاش ئەم پارچەیە بوە مەیدانی تەراتێنی سپای قودس و دەزگا سیخوڕییەکانی ئێران و بەم شێوەیە شۆڕشی پارچەیەکتان لەبار برد و خۆتان بوون بە بندەستەی تەواوی ئێران.

هەر ئەو کاتەی ئێمە پاشەکشەمان لە شاخ کرد و هاتینە پێدەشتەکان، ئیتر گۆڕستانەکانی شۆڕش زۆر بوون. ئیتر شەهید ناوی خۆی گۆڕی بۆ "کۆچکردوو" و بەمشێوەیە کۆمەڵگای ئەنفالی شۆڕشی رۆژهەڵات لە لایەن ئەنفالچییانی شۆڕشەکەمانەوە دەورە درا و تێلبەند کرا.

ئەم رووداوەی لە کۆیە ڕوویداوە و بنەماڵەکانی دێمۆکرات دەدەنە بەر پەلاماری دڕندانە، درێژەی پیلانەکانی پێشوویانە بۆ لەباربردنی شۆڕشی کورد لەو پارچەیە.

دێمۆکرات دەتوانن لەناو ببەن بەڵام چی لە ‌پێشەوا "قاضی محەمەد"دەکەن کە کورد تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە کەسایەتی و کەرامەتێکی دیکەی وەک ئەو بۆ کورد پەروەردە بکات؟

چی لە مەلا ئاوارە و موعینی یەکان دەکەن کە بە خوێنی خۆیان دڕندەترین حەساری سەر کوردی رۆژهەڵاتیان لە سەدەی ڕابردوودا شکاند؟

تکایە مەکەن. رۆژهەڵاتی کوردستان، چەندە خاوەنی کەرامەت و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی یە، هێندەش خاوەنی  وزەیە بۆ تێکدانی بازاڕی ناشیرینی سیاسەتی خۆخۆرانەتان!

تێدەگەین ماوەیەکە بێ پارەن و دەترسین دیسانەوە دەست بکەنەوە بە فرۆشتنەوەی رٶڵەکانی شۆڕشی رۆژهەڵات!

تکایە مەکەن، با زیاتر لەمە ڕووڕەشی مێژوو نەبن!